ژیاننامه‌ی مامۆستا - به‌شی دووه‌م
به‌شی دووه‌م
له دایكبوونی جه‌نابی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د
له به‌هاری 1950زایینی‌دا له وه‌رزێكی زۆر به‌پیت و به‌ره‌كه‌تی ئه‌و ساڵه‌دا كۆرپه‌یه‌كی ده‌ست و په‌نجه جوان و چاوڕه‌ش و چاوگه‌ش له دامێنی دایه خاتوونی زه‌حمه‌ت كێش دێته
دونیاوه‌و له پاڵ چیا سه‌ركه‌ش و دوژمن به‌زێنه‌كانی یالاَنپێی سه‌رفرازدا ، پاشان كه ده‌كه‌وێته سه‌رپێ كۆمه‌ڵێ ڕه‌وشتی جوانی موسڵمانانه‌ی هه‌ر به‌مناڵی پێوه دیار بوو ، زۆر گوێ ڕایه‌ڵی دایك و باوكی بوو، به‌هه‌ر لایه‌كدا بیان ناردایه به‌بێ لاكردنه‌وه گوێڕایه‌ڵیان بوو ، له خوار ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵییه‌وه دایك و باوكی به‌ڕێزی ، خوا ئه‌یخاته دڵیانه‌وه كه بینێرنه به‌ر خوێندنی زانسته شه‌رعییه‌كان ، بۆیه دایكی به‌رێزی ئه‌یخاته سه‌ر كۆڵی ماندونهناسیی و ده‌یباته خزمه‌تی یه‌كه‌م مامۆستای وانه شه‌رعییه‌كان جه‌نابی مامۆستا ( سید حسێن ) هه‌ر له دێی یالاَنپێی زێدی مامۆستا ئه‌حمه‌د واته: له ساڵی (1957)ـه‌وه ئهنێررێته به‌ر خوێندنی شه‌رعی . وه یه‌كه‌م مامۆستای وانه شه‌رعییه‌كان بۆ مامۆستا ئه‌حمه‌د مامۆستا ( سید حسین ) بوو كه خه‌ڵكی كوردستانی ئێران بوو ، - له ساڵی 1987 _ 1988 كاتێ مامۆستا مه‌لا ئهحمهدو هاوهلاَنی هیجره‌تیان كرد بۆ ئێران له شاری مه‌ریوان مامۆستا سید حسین كه مامۆستا ئه‌حمه‌دی بینییه‌وه به‌و هه‌موو رۆشنبیریی و كه‌سایه‌تیی و سه‌ركرده‌وه ، زۆر خۆشحاڵی ده‌ربڕی به‌وه‌ی كه یه‌كێ له قوتابیه‌كانی ساڵی ( 1957 )ـی بۆته یه‌ك له‌سه‌ركرده‌و هه‌ڵكه‌وتوانی جیهان و سه‌ركردایه‌تی موجاهیدان ده‌كات - جه‌نابی مامۆستا له‌گه‌ڵ (12) كه‌سی تری گوندی یالاَنپێ كه ئێسته زۆربه‌یان ماون نێردرانه به‌ر خوێندن و بۆ هه‌ر نه‌فه‌رێ مانگی (250) فلس یارمه‌تی بۆ مامۆستای وانه وتنه‌وه ته‌رخان كرا ، له نێو هاوه‌ڵه‌كانیدا ووریایی و زیره‌كی و گوێڕایه‌ڵی مامۆستا بوبووه جێی سه‌رنجی مامۆستاكه‌ی ، دایك وباوكی مامۆستا ئه‌حمه‌دیش به‌رده‌وام بوون له خزمه‌تكردنی جه‌نابی مامۆستا سید حسین ، چونكه هیواو ئه‌مه‌لێكی گه‌وره‌یان بۆ كۆرپه‌كه‌یان هه‌بوو . پاش ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كی زۆر لای مامۆستا سید حسین ده‌مێنێته‌وه و دوایی ئه‌نێردرێته گوندی (ته‌پی سه‌فای سه‌رو) و له‌وێش لای جه‌نابی مامۆستا سید نجم ا‌لدین -به‌ره‌حمه‌ت بێت- درێژه به زانسته شه‌رعیه‌كان ده‌دات .
پاشان ده‌نێردرێته گوندی (هانه‌ی دن) له‌وێش لای جه‌نابی مامۆستا مه‌لا موسته‌فای ڕه‌حمه‌تی درێژه به‌وانه‌كانی ده‌دات ، پاشان له‌گه‌ڵ به‌ڕێزان مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌دی نیعمهتیی و مامۆستا مه‌لا عیزه‌ت هه‌رسێ كیان له شاره‌كانی كوردستانی ئێران‌دا به شوێن خوێندندا هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرن . پاش ماوه‌یه‌ك ده‌گه‌ڕێنه‌وه كوردستانی عێراق و له شاری خورماڵ له مزگه‌وتی عبدالله ی كوڕی عومه‌ر له خزمه‌ت جه‌نابی م . مه‌لا محمدی مه‌لا به‌ها درێژه به‌خوێندن ده‌ده‌ن ، پاش ئه‌وه نزیكه‌ی ساڵێكیش له‌گوندی (نه‌وێ) له‌گه‌ڵ به‌ڕێز م. عبدالرحمن حه‌یدری وانه‌ی ئاینییان خوێندووه‌و پاشانیش بۆ ته‌واوكردنی خوێندنه‌كه‌ی چووه‌ته خزمه‌ت عه‌للامه جه‌نابی م . مه‌لا عوسمان عبدالعزیزو هه‌ر له خزمه‌ت ئه‌ویشدا ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تی وه‌رگرتووه .
ساڵی 1967 كه په‌یمانگای ئیسلامی له هه‌ڵه‌بجه كراوه‌ته‌وه مامۆستا چووه‌ته ئه‌وێ و ساڵی 1971 په‌یمانگای ته‌واو كردووه . وه له سه‌ره‌تای پێكه‌وه‌نانی ژیانی هاوسه‌ریدا پێنج تا شه‌ش مانگ له‌گه‌ڵ هاوسه‌ری به‌ڕێزی له گوندی (شیره‌مه‌ڕ) وه‌ك پێش نوێژ‌و وتاربێژ ماوه‌ته‌وه ، وه له‌و ساڵه به‌دواوه بۆ گوندی (بناوه‌سوته)ی سه‌ر به‌قه‌زای پێنجوێن هیجره‌ت ده‌كه‌ن و له‌وێ چوار ساڵ ئه‌مێننه‌وه‌و خوای گه‌وره دوو جگه‌ر گۆشه‌یان به‌ناوی فاروق و عیرفان پێ ده‌به‌خشێ ، پاشان له 1974 _ 1975 له شاری پێنجوێن له گه‌ڕه‌كی به‌رزان له مزگه‌وتی به‌ركێو ده‌بێته پێش نوێژ‌و وتاربێژی ئه‌وێ . پاش نه‌كسه‌كه‌ی 1975 ی گه‌لی كورد ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شارۆچكه‌ی خوڕماڵ و له‌وێ له‌مزگه‌وتی مه‌لا عبدالله‌ی گوڵپیی ده‌بێته پێش نوێژ‌و وتاربێژ ، كه ئه‌وكاته سه‌حوه‌ی ئیسلامی زۆر لاواز بوو ، مامۆستا زۆر بوێرانه ته‌فسیری ئایه‌ته‌كانی قورئانی دهكردو خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی له سیاسه‌ت و ئاكارهچهوتهكانی ڕژێمی به‌عس به ئاگا ده‌هێنایه‌وه و خه‌ڵكێكی زۆر له شوێنه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خورماڵ ئاماده‌ی وتاره‌كانی هه‌ینیی ده‌بوون ، وه هه‌ر له‌وێش كۆمه‌ڵێ لاوی خواویست به‌ده‌رس و وتاره‌كانی پێگه‌یاند ، كاتێك كه به‌عسیه‌كان زانیان جه‌نابی مامۆستا كاریگه‌ری زۆری له خه‌ڵكی ناوچه‌كه كردووه‌و بۆ لای ئیسلام ڕای كێشاون ، ئیتر به‌ربوونه نانه‌وه‌ی پلان و ئاژاوه به مه‌به‌ستی دوور خستنه‌وه‌ی مامۆستا له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا ، ئه‌وه‌بوو دوای وتارێكی رۆژی هه‌ینیی سێ ( 3 ) جه‌ندرمه‌ی ئه‌منی خورماڵ ته‌قه‌یان له ده‌رگای ماڵی مامۆستا داوه‌و به خێزانی به‌ڕێزیان وتووه : جه‌نابی مامۆستا لێره‌یه ؟ ئه‌ویش وتویه‌تی : به‌ڵێ فه‌رموون .. ئه‌وانیش نه‌هاتبوونه ژووره‌وه و، وتبوویان به‌ئه‌رك نه‌بێت ئیشمان به جه‌نابی مامۆستایه ( 5) ده‌قیقه ده‌چین تا مه‌ركه‌زو ته‌شریف دێنێته‌وه ، پاشان ئه‌م لاو ئه‌ولای مامۆستایان ماچ كردووه‌و بردویانه بۆ مه‌ركه‌ز . له وێشه‌وه به سه‌یاره‌یه‌كی داخراو به‌په‌له گه‌یاندویانه‌ته ئه‌منه سووره‌كه‌ی سلێمانی و فه‌تره‌یه‌ك له‌وێوه ماوه‌ته‌وه و زیندان كراوه .
له ساڵی 1982 له دوای بڵێسه‌ی شه‌ڕی ئێران و عێراق وه‌ك خه‌ڵكی خورماڵ ئاواره‌ی شارۆچه‌كه‌ی سیروان بوو ، له‌وێش كۆمه‌ڵێ به‌رهه‌می باشی پێشكه‌ش به بانگه‌وازی ئیسلامی كرد ، وه له سیروان وه‌ك پێش نوێژ‌و وتاربێژی مزگه‌وتی گه‌وره‌ی ئه‌وێ تا ساڵی 1987 مایه‌وه .
له ساڵی ( 1987 ) له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌ك له زانایانی نوخبه‌ی ناوچه‌كه هیجره‌تیان كرد بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران ، وه له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ئایینه‌كه‌یان ده‌ستیان له زێد‌و كه‌س و كار هه‌ڵگرت ، له ئێرانیش یه‌كێك بوو له‌و زانا به‌جه‌رگانه‌ی كه فه‌توای كوفری ڕژێمی سه‌دامیان دا ، پاشان وه‌ك ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌رانی بزووتنه‌وه ، بزوتنه‌وه‌یه‌كی چه‌كداریی جیهادیان دژی زوڵم و زۆری به‌عس دامهزراندو بوویه ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی.
به‌ر له ڕاپه‌ڕینیش له خه‌باتی شاخدا ڕۆڵێكی كاریگه‌ری هه‌بوو له گه‌رم كردنه‌وه‌ی لاوه‌كان و وه‌ك مه‌فاریز بۆ سه‌ر باره‌گاكانی ڕژێم له سه‌رگه‌ت و یالاَنپێ و سوورێن و هه‌ورامان و فه‌تواكانی جه‌نابیان زۆر جێی متمانه‌ی لاوانی بزووتنه‌وه بوون ، ده‌ست و ده‌ورێكی بێ وێنه‌ی دانابوو له باره‌گاكانی بزووتنه‌وه‌دا ، قوتابخانه‌یه‌كی ئه‌خلاقیی و فیكریی دروست كردبوو له نێوان موجاهیدانی ئوردوگاكانی دزڵیی و باراماوادا ، به جۆرێك كاریگه‌ری له‌و خه‌ڵكه كردبوو له بچوكترین كاروباریاندا پرس و ڕایان به‌و ده‌كرد ، وه له‌كۆنگره‌ی یه‌كه‌می بزووتنه‌وه‌دا له‌به‌ر ده‌ست پاكیی و لێهاتوویی پله‌ی مه‌كته‌بی سیاسی به‌ده‌ست هێنا له‌ساڵی ( 1987 ) دا . له‌پێكه‌وه ژیان له‌گه‌ڵ هێزه سیاسیی و ئازادیخوازه‌كانی نێو گۆڕه‌پانی كوردستان ، عه‌قڵ و سه‌لیقه‌یه‌كی برایانه‌و ژیرانه‌ی هه‌بوو هه‌میشه خوازیاری ئه‌وه‌بوو كه به پێوه‌ری شه‌رع هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ لایه‌نه كوردستانییه‌كاندا بكرێ و ماندوو بوونییان و هه‌وڵ و زه‌حمه‌تیان بخوێنرێته‌وه .. كه شه‌ڕی عێراق و ئێران به بڕیاری ( 598 )ـی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له ساڵی ( 1988 ) ڕاگیرا ، هه‌ڵویستی زۆر مه‌ردانه‌یان هه‌بوو ، جه‌نابیان موجاهیدانی هێزی هه‌ورامانی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیی نارده‌وه سه‌ر خاكی عێراق ، كه ئه‌وكات بزووتنه‌وه‌ی كوردی له‌وپه‌ڕی داڕوخاندا بوو ، پاشان له چیای ڕه‌نگین باره‌گایان دانایه‌وه ، له هات و چۆی مامۆستادا بۆ سه‌ردانی موجاهیدانی باره‌گاكان زۆر جار له سه‌ر سنووری ئێران له لایه‌ن پاسدارانه‌وه ئه‌و په‌ڕی ئازاری ڕۆحی ده‌دراو ، زۆرجاریش مامۆستایان ده‌پشكنی ، بهلاَم ئه‌و هه‌ر كۆڵی نه‌ئه‌دا له‌به سه‌ركردنه‌وه‌ی موجاهیداندا .
به‌شی سێیه‌م بخوێنه‌وه...
